ڕاپەڕینی 1991 و دەرئەنجامەکانی لە دۆسیەیەکی تایبەتدا ڕاپەڕینی 1991 و دەرئەنجامەکانی لە دۆسیەیەکی تایبەتدا

*

ئەم ماڵپەرە تایبەتە بە هەموو دید و بۆچونەكانم كە لە رۆژنامەو گۆڤار و ماڵپەرەكان بڵاو دەبنەوە

ڕاپەڕینی 1991 و دەرئەنجامەکانی لە دۆسیەیەکی تایبەتدا

سەنار شێرۆكی-sanar sheroky
* ئەم ماڵپەرە تایبەتە بە هەموو دید و بۆچونەكانم كە لە رۆژنامەو گۆڤار و ماڵپەرەكان بڵاو دەبنەوە
وێبلاگەكی یاساییە بابەت و توێژینەوەی یاساییی تێدا بڵاو دەكرێتەوە.

ڕاپەڕینی 1991 و دەرئەنجامەکانی لە دۆسیەیەکی تایبەتدا

ڕاپەڕینی 1991 و دەرئەنجامەکانی لە دۆسیەیەکی تایبەتدا

 
ڕۆژنیوز – سەلاح خدر
لەپاش شکستی سیاسی، سەربازی، دبلۆماسی و ئابووری حکومەتی بەعسی عێراق بە داگیرکردنی دەوڵەتی کوەیت لە 02.08.1990  هەلێکی زێڕین بۆ گەلانی عێراق بەتایبەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان هەڵکەوت کەلەبەرامبەر ئەو ڕژێمە سەرکوتکارە ڕاپەڕین و کۆتایی بە داگیرکاری دەیان ساڵە بهێنن.
گەلانی عێراق بەگشتی و کورد بەتایبەتی لەدژی ڕژێمی عێراق هەستانەسەرپێ، لەکۆی 18 پارێزگا 14 پارێزگایان ڕاپەڕین، لەکۆتایی مانگی شوبات خۆپێشاندان لە گۆڕەپانی سەعد لە شاری بەسرەی باشووری عێراق دەستی پێکرد و پاش ئەوێ ناوچەکانی زوبیر و ئەبولخەسیبی سونی نشینی سەربەپارێزگای بەسرە لە 03.03.1991 ڕاپەڕین، پاشان شیعەکانی عێراق لەشارەکانی بەسرە، دیوانیە، میسان، ناسریە، نەجەف، کەربەلا، عەمارە، واست و موسەننا ڕاپەڕین. 
بۆ کورد ڕاپەڕینی ١٩٩١ ناسراو بە ڕاپەڕینە مەزنەکە، بریتیی بوو لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشووری کوردستان لەدژی ڕژێمی بەعس، کە کورد لەم بەشەی کوردستان توانی ببێە خاوەن بەڕێوبەرایەتیەکی خۆماڵی.
ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستی پێکرد و تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لەپاش ئازادکردنی کەرکووک کۆتایی ھات کە بەو شێوەیە دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە باشووری کوردستان کرانە دەرەوە و ژمارەیەکی زۆر لە ھێزەکانی بەعش کوژران یان برینداربوون و بەدیلگیران. 
چەند ڕۆژێک پاش ڕاپەڕین، وەک وەڵامێک حکوومەتی بەعسی عێراق بەسووپایەکی بێشوومارەوە ھێرشی کردەوە سەر کوردستان و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد، کە تێیدا خەڵک ئاوارەبوون بەرەو سنوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
(سەرەتای ڕاپەڕین)
لە ٥ی ئازاری ١٩٩١دا ڕاپەرینی باشووری کوردستان لە شارۆچکەی ڕانیە لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی دەستی پێکرد، لە ھەموولاوە خەڵک ڕژانە کوچە و کۆڵان و شەقامەکان، جەماوەر ھەڵیانکوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت، کاتژمێر ٣ ی سەرلەئێوارە سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاککرایەوە، ھەمان ڕۆژ چوارقووڕنە و حاجیاوا و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازادکران، لەوشەڕانەدا ٥٠ چەکداری رژێم کوژران و ١٠ ھاوڵاتی شەهیدبوون، ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێم بەدیل گیران و ڕانیەش نازناوی دەروازەی ڕاپەڕینی پێبەخشرا.
(بازیان، دەشتی بتوێن و پشدەر)
لە ٦ی ئازاری ١٩٩١ ناوچەی بازیانی یەک و دوو و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازادکران، لە پشدەریش سەربازگەکانی ڕژێم لە نێوان پێشمەرگەی سەرەوە و جەماوەری خوارەوە کۆنتڕۆڵکران، تەنھا فەوجی قادراوای پشت سەنگەسەرنەبێت کە شەڕی مان و نەمانیان کرد و بووە ھۆی شەهیدبوونی چەندین پێشمەرگە و ھاوڵاتی و کوژرانی دەیان سەرباز و گیرانی فەوجەکە. 
ھەمان ڕۆژ لە بیتوێن تیپی ٤٤ی چواڕقوڕنەی ڕژێم دەورەدران و ھەر زوو کۆنتڕۆلکران، دواتر پایەگاکانی سەرکلکەی کۆڵین و حاجیلە و بەرزایەکانی دۆڵە ڕەقە بێشەڕ تەسلیم بە گەل بوون، ڕژێم لیوایەکی لە کۆیە بردە گردەجان بۆ پاڵپشتی تیپی چوارقوڕنە و ناوچەکەی تۆپبارانکرد، ھەر ھەمان ڕۆژ ئەوێش گیرا و ژمارەیەک سەربازی ڕژێم کوژران.
(ڕاپەڕینی سلێمانی)
لە ٧ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕی و ھەڵیانکوتایە سەر بنکەی حامیەیی سەربازی و پۆلیسی سەرا و ئازادیان کرد، ڕۆژی داوای ئەوە ٨ی ئازار بەڕێوبەری ئەمنە سوورەکەی سلێمانی و سەربازگەی سەلام و سەنگەرەکانی سەرچیای ئەزمەڕیان کۆنتڕۆڵکرد، بەھەزاران سەرباز خۆیاندا بەدەستەوە و پارێزگاری سلێمانی شێخ موعتەسەم بەرزنجی و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێمی بەعس کوژران.

 

 

(چەمچەماڵ، ھەڵەبجە، عەربەت، زەڕایەن، ڕزگاری، نەسڕ، باریکە، پیرەمەگروون و ئەلڵایی)
لەی ٨ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕین لە چەمچەماڵ، ھەڵەبجە، عەربەت، ئۆردوگاکانی زەڕایەن، ڕزگاری (سمود)، نەسڕ، باریەکە، پیرەمەگروون و ئەلڵایی دەستی پێکرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و کەرکووک کۆنتڕۆلکران چەندان شەھید دران و چەندین کەس لە پیاوانی رژێم کوژران. 
ھەر ئەو ڕۆژەش سەرجەم ڕەبییەکانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزێ دابەزینە خوارەوە و بێ کوشتار خۆیان ڕادەستی گەل کرد، قەڵای سووسێی ڕژێم گیرا و بەرەو دوکان چوون و لەلای دۆڵی خەلەکانیش جەماوەر بەرەو بەنداوی دوکان دەھاتن بۆیە بۆ ئێوارە ئەم ناوچەیەش بەتەواوی کۆنتڕۆل کرا.

 

 

(کۆیە، شەقڵاوە و کفری)
لە ٩ی ئازاری ١٩٩١جەماوەری شاری شەقڵاوە و کۆیەش ڕاپەڕین، ئەگەرچی سوپایەکی زۆر لە ھەیبەت سووڵتان ھەبوو و لە ٨ی ئازاردا چەند لیوایەکی زرێپۆشی زیادی ھێنایە ئەوێ و لەھەوا و لەزەمین بەرگرییان لە خۆیانکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ناو کۆیە ئازادکرا، دواتر لەھەموولاوە ھەیبەت سوڵتان دەورەدرا و کۆنتڕۆڵ کرا و سوپاکەی ڕادەستبوو. هەمان ڕۆژ ناوچەی شەقڵاوەش ئازادکرا، بۆ ئێوارەکەی ئۆردوگای زۆرەملێی باسرمە پاککرایەوە، لە ھەمان ڕۆژ کفری و باوەنور و بەرزاییەکانی ئازادکران.
لە ١٠ی ئازاری ١٩٩١ جەماوەری مەسیف، تەقتەق، ڕەواندوز، قەرەھەنجیر، ئاغجەلەر، ھەریر، باتاس، خەلیفان، سپیلک، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران، مێرگەسوور و سەرجەم ئەو ناوچانە ڕاپەڕین و لەچەند کاتژمێرێکدا ئازادیان کردن.
(ڕاپەڕینی ھەولێر)
لە ١١ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری ھەولێر ھەر لە سپێدەی بەیانییەوە لەگەڕەکەکانی شۆڕش، مەلایان و برایەتی ببەرەو بارەگاکانی ڕژێم چوون، لەکاتژمێر ٩ی بەیانی جەماوەر ڕژانە سەرشەقام و کوچە و کۆڵانەکان و چوونە سەر بارەگا و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم، لەوانە دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیس و ھتد. 
تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە کۆنتڕۆڵکران، تەنھا پیاوەکانی ڕژێم لە بەڕێوبەرایەتی ئەمن و مەنزومەی شیمال بەرگریەکیان کرد، بۆیە کوژراوێکی زۆریان لێکەوت، لەھەمان ڕۆژدا راپەرین لەسەرجەم ئۆردوگا و ناوچەکانی دەوربەری ھەولێریش گڕی گرتبوو، لە دێگەڵە پێداھاتن هەموو بان و بەزراییەکانی سوپا و پادگاکانی رژێمی تادەگاتە کەسنەزان پاککرانەوە، ئۆردوگاکانی قوشتەپە، شاوێس، پیرزین، مەلائۆمەر، جدیدە و تۆبزاواش ڕاپەڕین و دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ ئازادکران، بەخوێنی چەند ھاووڵاتییەک و کوژرانی زۆرێک لەپیاوانی ڕژێم ئۆردوگای خەبات ھەڵیان کوتایە سەر بازگەی ئاسکی کەلەک و ھەر زوو کۆنتڕۆڵیان کرد و دواتر ئۆردوگاکانی کەورگۆسک و بەحرکە و بەرحوشتر ئازادبوون، ئێوارەی ھەمان ڕۆژ فەیلەقی ٥ی سەربازگەی ھەولێر کۆنتڕۆل کرا، بۆبەیانیی ١٢ی ئازار پادگاکانی سەر بەرزاییەکانی ڕەشکین، کانی قڕژالە، ڕێیگوێر و مەخموور گیران و خۆیان تەسلیمی گەل کرد.

 

 

(جەلەولا، مەخموور، ئاکرێ، خانەقین و شێخان)
لە ١٢ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری جەلەولا ڕاپەرین تا ئێوارە ناو شاری جەلەولا و دەوروبەریان ئازاد کرد، بەڵام دواتر ڕژێم لەھەوا و زەمین بەچەکی قوورس تۆپبارانیکردن، بۆیە چەندان ھاولاتی لەوێ شەھیدبوون و ڕژێمیش زیانێکی زۆری ماددی و مەعنەویی لێکەوت، لەلایەکی ترەوە ھەرھەمان ڕۆژ ناحیەی مەخمووریش لەخواروی ھەولێر ئازادکرا و لەڕێگای مووسڵیش لافاوی جەماوەر لەزێی کەڵەک پەڕیەوە بادینان، بۆیە ھەر ئەو ڕۆژە ئاکرێ و ناحیەی بجیل و سورچیایەتی و بەردەرەش و دینارەتی زێبار تادەگاتە شێخان و سەرزێی خازر ئازادکران و ھەمان ڕۆژیش خانەقینیش ئازاد کرا.

 

 

(زاخۆ، پردێ، جەبارە و کۆڵەجۆ)
لە ١٣ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری زاخۆ و دەروبەری ڕاپەڕین، سەرەنجام ناو شاری زاخۆ و کۆمەڵگای ھیزاوە و دەرکارعەجەم ئازادکران و راپەرین گەیشتە دەشتی سلێڤان و چیای بێخێر و ژوێ ئازادکران و پاشان لەسنووری کەرکوک شارۆچکەی پردێ ئازادکرا و لەگەرمیانیش کەلار و ناحیەی جەبارە و کوڵەجۆ ئازادکران.

 

 

(ڕاپەڕینی دھۆک)
لە ١٤ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری دھۆک لەگەڕەکی بەرۆشکێی لای سەرەوە سەریانھەڵدا و بەتێکڕا دەوری دەزگاکانی ڕژێمیاندا و ھێرشیان کردە سەر، تا نیوەڕۆ ھەموویان گیران، بەڕێوبەرایەتی ئەمن شەڕی مانونەمانیان کرد، بۆیە زۆربەیان کوژران، دواتر لیواکەش تەسلیم بوون، بەمەش ناوچەکانی زاوێتە، مانگێش، باگێرا، سەرسەنگ، ئەنیشک، بامەڕنێ، دێرەلوک، ئامێدی، سیریێ، شێلادزێ، باتوفە، بێ گۆڤا و ھتد،،، پشتاوپشت بوون، بۆ ڕۆژانی دواتر ناوچەکانیتر کۆنتڕۆڵکران تا دەگاتە کانی ماسی و ناوچەی بەروای بالا و رێکان، بۆیە پایەگاکانی سەر چیاکانی گارا و مەتین و چیای شیرین و چیای فاتێ و چیای بارزان و چیای بامەڕنێ بۆ خۆیان تەسلیم بوون.
(ئاوارەبوون و ناپاکی نێودەوڵەتی)

 

 

لەکاتێکدا کورد و گەلانی دیکەی عێراق زۆربەی ناوچەکانی خۆیان ڕزگارکردبوو حکومەتی بەعسی فاشیست لەسەرەمەرگی لەناوچووندابوو، هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمەریکا ناپاکیان لە کورد و گەلانی عێراق کرد و لەسەرەتای مانگی نیساندا بەبڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان شەڕیان لەگەڵ ڕژێم ڕاگرت و هێزەکانیان لە ناوچەی سوفوانی عێراق کشاندەوە، ئەو بڕیارە بۆ حکومەتی بەعس بووە هەلێک کە هەموو هێزەکانی خۆی بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان بنێرێتە سەرشارە سەرهەڵدێرەکان لە باشووری تا باکووری وڵات.
ڕژێم توانی بەسودوەرگرتن لەو بڕیارە و بەهاوکاری چەکدارانی بەناو موجاهدینی خەلقی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، ڕاپەڕینەکان سەرکوتبکات و سەدان هەزار کورد و عەرەب کۆمەڵکوژبکات، کە دواجار لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 بەدواوە ڕوفاتەکانیان لە گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا دۆزرانەوە.
ئەو هێرشە سەرکوتکارانەی ڕژێم زیاتر لە چوارملیۆن کوردی ناچاری کۆڕەو بۆ ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان کرد، کەچەندین کەسی مەدەنی ژن و منداڵ لەناویاندا، بەهۆی سەختی ڕیگاوە شەهیدبوون.
زۆری نەخایاند گەلی کورد جارێکی تر گەڕایەوە سەرزێدی خۆی و لەناوەڕاستی تەموزی 1991 جارێکی تر ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ڕژێمی بەعس کردەوە و شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک یان ڕزگارکردوە.
س.خ


رێكەوت : 2013/7/11 | 4:58 | نوسەر : سەنار شێرۆكی-sanar sheroky |
.: Weblog Themes By Slide Skin:.